دیمانه‌ لەگەڵ حەجی جندی (ئێریڤان، ٧ـی تەمووزی ١٩٧٩)

د. یەکتا ئوزونۆغڵو

لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

حەجی جندی نووسەر، وەرگێڕ، زمانناس، فۆلکلۆرناس و لێکۆڵەرێکی کوردە. ساڵی ١٩٠٨، لە گوندی ئەمانچایری سەر بە قەرس، لە باکووری کوردستان، لە بنەماڵەیەکی ئێزیدی هاتووەتە دنیاوە. بە منداڵی لە گوند ژیاوە، بەڵام ساڵی ١٩١٨، بە هۆی کۆمەڵکوژی و هێرشی لەشکری تورکانەوە، پەڕیووەی یەکیەتیی سۆڤێت بووە و لە ئەرمەنستان گیرساوەتەوە. ساڵانی ١٩٣٠ـەکان، لە ڕۆژنامەی ڕیا تەزە و ڕادیۆی کوردی لە ئێریڤان کاری کردووە. ئەو بە یەکێک لە گرنگترین نووسەرانی کوردستانی سوور دادەنرێت. خاوەنی پتر لە ١١٠ پەڕتووک  و لێکۆڵینەوە و بەرهەمە، مخابن! هەندێکیان چاپ نەکراون. لە دیارترین بەرهەمەکانی: فۆلکلۆرا کورمانجا، مەمێ و زینێ، ڕۆستەمێ زاڵێ کوردی، حکیاتێن جماتا کوردا، کەر و کولکێ سڵێمانێ سلیڤی، فۆلکلۆرا کوردی، دمدم، یووسف و زڵێخا، هەواری. حەجی جندی ساڵی ١٩٩٠ کۆچی دواییی کردووە.

یەکتا ئوزونۆغڵو یان یەکتا گەیلانی پزیشک، وەرگێڕ، نووسەر، ئابووریناس و هەواڵنێرێکی کوردە. ساڵی ١٩٥٣ لە فارقینـی ئامەد هاتووەتە دنیاوە. لە ساڵانی ١٩٨٣ تا ١٩٨٨، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ئەنستیتۆی کوردی لە بۆن بووە. لە پڕاگ، لە کۆماری چێک دەژیێت. نزیکەی ٤٠ پەڕتووکی نووسیوە و وەرگێڕاوە.

مام حەجی، دەمەوێ سەبارەت بە ژیانی ئێوە بزانم. ئەرک نەبێ بە کورتی پێم بڵێن.

من سۆڤێتیم. لە ئەرمەنستانی سۆڤێت دەژیم. تەمەنی ڕابوردووم لێوانلێوی تەنگوچەڵەمە بووە. هەتیوییم دیتووە، بەلەنگازیم دیتووە. بەڵام لە سایەی سەری حکوومەتی سۆڤێتەوە بڕێک بەرەو پێشەوە چووم و نها ئەندامی ئەکادیمیای ئەرمەنستانم. دڵم بە شتێک خۆشە؛ ئەوەیە ناوی تەواوی خۆم دەنووسم. ناوی من حەجی، ناوی باوکم جندی، ناوی باپیرەم جەوارە. من «حەجی جندی جەواری»ـم. بەڵام وەکوو تر هەر بە «حەجی جندی» ناسراوم. پێنج کچم «جەواری» دەنووسن. ئەوە نیعمەتێکی گەورەیە. وەک حەجی جندی، لە ناو حکوومەتی سۆڤێتدا، بەوپەڕی شانازییەوە ناوی خۆم دەنووسم. هەروەها خۆم بە کورد دادەنێم. من دەزانم میلۆنان کورد لە تورکیا، ئێران، و شوێنەکانی تر… خۆیان بە کورد دانانێن. ئەوە ستەمێکی ئێجگار گەورەیە، چارەڕەشییە، پڕسوێیە. هەر زۆر پڕسوێیە. کەچی لە وڵاتی سۆڤێتدا ئێمە بە شانازییەوە ناوی خۆمان دەنووسین. بە مەزەندەی من، ئەوە نیعمەتێکی گەلەک مەزنە. بۆ ئێمە زۆر مەزنە.

مام حەجی، گەر ئێوە بتوانن هەندێک باسی سەرەتا بکەن. سەرەتاکەی چۆناوچۆن بوو؟

من لە هەتیوخانە گەورە بووم. سەردەمی هەتیوخانە زمانی خۆمانم بیر چووبووەوە. زمانی کوردی… لێ پاشان ساڵی ١٩٢٩، دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی، چوومە گوندە کوردییەکان کارم دەکرد. لەو ساتەوە لە گرنگیی زمان تێگەیشتم و بەرەبەرە بە زمانی کوردی دوام… من لە ناو زۆر کۆڕوکۆمەڵدا مامەوە. فرە منەتباریانم و خۆم بە بچووکیان دادەنێم. حەزم لە نووسین بوو، هۆگری زانست و زانیاری بووم. دوای گوند هاتمە ئێریڤان. چوومە زانکۆ. دوای زانکۆ، ماستەرم خوێند. دوای ئەوەیش بوومە دکتۆر، بوومە پڕۆفێسۆر. بوومە تێکۆشەرێکی چاند. زۆربەی بەرهەمەکانم بە کوردی و ئەرمەنی چاپ کران. پاشان بۆ ڕووسییش وەرگێڕدران. لەوساوە چەند بابەتێکم لە ئێراق بڵاو بوونەتەوە. ئەمێستا بۆم نالوێ بە چڕوپڕی لەبارەی بەرهەمەکانمەوە بئاخڤم. هەر تەنێ باسی هەندێکیان دەکەم. ئێستا خەریکی بەرهەمێکم. بەرهەمەکەی ئەمساڵیشم بریتییە لە قەڵای دمدم. بەرخۆدانی قەڵای دمدم لە ساڵی هەزار و شەشسەد و هەشت. ئەو بەرخۆدانەی ڕاچڵەکێنەری گەلەکەمان بوو. هیی کۆمەڵی کوردەواری بوو. خۆناساندنیان بوو. سا گرێدراوی ئەڤینی «ئەحمەدی خانی»ـیە. گرێدراوی ژیریی «شەرەفخان (شەرەفەدین)ـی بەدلیسی»ـیە. ئیدی لەوەوە تێدەگەین نووسینی پەڕتووکەکەی شەرەفخانی بەدلیسی، مەم و زینەکەی ئەحمەدی خانی و بەرخۆدانی قەڵای دمدم لە سەردەمێکدا قەوماوە. بە هۆی ئەوانەوە گەلەکەمان هۆشیار بووەتەوە و گوتوویانە ئێمەیش گەلێکین وەک گەلانی دیکەی دنیا. پێویستە ئەم هەوڵەم، ساڵی داهاتوو، واتا ساڵی ١٩٨٠، تەواو بکەم. ئەوەیشی بۆ ئەکادیمیایە، ئەمساڵ ڕادەستم کردوونەتەوە. پەڕتووکی حیکایەتەکانمانە. چیرۆکی جارانمانە. دەبێ ساڵی ١٩٨٠ چاپ ببێ. بەرگی پێنجەمیش ئامادەیە. پێویستە ئەویش زوو چاپ بکرێ. هەر بۆیە ئەرکێکی پڕبایەخم لە ئەستۆیە. ئەویش مەتەڵ و چیرۆکەکانمانە. مەتەڵ و چیرۆک گەنجینەی گەلی کوردن. من خڕم کردوونەتەوە، بڕوا بکەن لە ساڵی ١٩٢٩ ڕا تاکوو ئەمساڵ هەر خەریکیانم. ڕێژەی ئەو چیرۆک و مەتەڵانە تا ئێستا بە ٣٥ هەزار گەیشتووە. سا ٣٥ هەزار چیرۆک و مەتەڵ نووسراونەتەوە. ئیدی پەڕتووکەکە ئامادەیە و بۆیە پێویستە زوو چاپ بکرێ.

مام حەجی، هەندێک لە نووسراوەکانتان وردەوردە لە ناو کوردانی تورکیایشدا بڵاو دەبنەوە. بەڕێزتان وەک نووسەرێکی شۆڕشگێڕ و وەک یەکەمین نووسەری کورد بە زمانی کوردی ناسراون. گەلۆ! دەخوازن شتێکیان پێ بێژن؟

من خۆیشم خەڵکی قەرسم. نها قەرس کەوتووەتە دەستی ڕۆم. لەوێ هەڵهاتین. جا بۆیە زۆر بەلەنگازیمان دیت. ئێمەومانان زۆر چەرمەسەریمان دیت. هەندێک کوژران، هەندێک لە برسان مردن. گەلەک تیا چوون. گەلەک مردن. ڕۆم خراپەی زۆریان بەرامبەر کردین. کاتێک وەک کوردەکانی ئەرمەنستان و سۆڤێت لە خۆمان دەڕوانین، دەبینین ئێمە بە زمانی خۆمان دەخوێنین، ڕادیۆمان هەیە، لە ڕادیۆوە دەدوێین. خوێندنگامان هەیە. وانە دەڵێینەوە. دەسا تۆ وەرە سەیری ڕۆم بکە. سەیری ئێران بکە. سەیری ئێراق بکە. بڕوا بکە ئەوەندە میلۆین کورد هەیە، کەچی بۆیان نییە نە گوێ لە ڕادیۆکانیان بگرن، نە خوێندنگاکانیان بکرێنەوە، نە ڕۆژنامەیان هەبێ. ئەوە لە سەدەی ٢٠ـدا ستەمێکی گەورەیە. هەموو دنیا ئازاد بووە. هەموویان خۆیان ناساندووە. بەڵام نەتەوەکەی ئێمە دەگاتە چەند میلۆنێک و لە بن دەستی ئەو حکوومەتانەدا دەچەوسێتەوە، دەپووکێتەوە و ڕۆژێکی خۆش نابینێ. ئێمە دەمانویست گەلەکەمان لە تورکیا، یان لە ڕۆم ئازادیی خۆیان بەدەست بهێنایە. بیانتوانیایە چاندەکەیان لە دنیادا بناساندایە، چاندەکەیان جیهانی بووایە، نووسەری چاکیان هەبووایە. نرخی کەسانێکی وەک «ئەحمەدی خانی» و «مەلای جزیری»ـیان بزانیایە. ئاوها بێت، وێژەی زارەکی و چاندەکەمان لای دنیا دەناسرێت. بەشێکی زۆری فۆلکلۆرەکەمان، گەلانی دی خەریکین. با بێژین زۆربەی جاران. کڵامی تورکەکان لەسەر بنچینەی مەقامەکانی ئێمە چێ کراون؛ سا هاتوون مەقامەکانمانیان گۆڕیوە و مۆرکی تورکییان لێ داوە. کەچی بە ڕەسەن کوردین. بۆیە کاریگەریی وێژەی زارەکیمان لەسەر گەلانی دراوسێ زۆرە. ئاواتمان ئەوەیە نەک تەنێ کوردانی تورکیا، بەڵکوو گشت کوردانی دنیا بتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن، بە زمانی خۆیان! وەک هەموو نەتەوەیەک ناو و ناسنامەی خۆیان بەکار بهێنن و بنووسن. وەک نەتەوەیەک ئەوە ئاواتی ئێمەیە. بەڵام… گەلۆ! چ سەردەمێک دێتە ئاراوە؟ ئەوەیان نازانم. دەمانەوێ وەک گەلانی تر ئازادی بچێژین. ئەوانیش بە ڕادەیەک ئازاد ببن، هەر وەک چۆن ئێمەی کوردانی سۆڤێت ئازادین. چۆن ئێمە سەربەستین، لە ئەکادیمیاداین و زۆر شتی تر. دەمویست شتێکی تر بڵێم. ئەوەندە میلۆین کورد لە تورکیان، ئەوەندە بەرەو پێش چوون. من وەک هەتیوەکەی جاران نیم. پێنج کچم هەن. دووانیان پڕۆفێسۆرن. ئەوانەی تریش بڕوانامەی بەرزیان هەیە. ئەوە نیعمەتێکی گەورەیە. ژنەکەیشم هەتیو بووە. هەردووکمان هەتیو بووین. کەچی ئێستا بنواڕە نەک تەنێ خوێندوومانە، بگرە منداڵەکانی خۆیشمان خستووەتە بەر خوێندن. سەبارەت بە ماڵەوەمان بدوێم. ئەوە شتێکی هەر زۆر چاکە. نەک تەنێ بۆ من. بەڵکوو بۆ ئەو کۆمەڵگایەی تێیدا بووین. پەڕتووکێکم نووسیوە؛ هەواری… جا نازانم لای ئێوە هەیە یان نییە. تێکڕای تەمەنم تەمەنی کوردانە. چۆن بەرەبەرە لە تورکیا هاتووینەتە قەرس، لە قەرسیشەوە بارگەوبنەمان پێچاوەتەوە و هاتووینەتە ئێرە. کۆی ئەو مەینەتییانەی لە دەستی ڕۆم چەشتوومانە، لەو پەڕتووکەدا هەیە. دەمویست ئەوەیان بە دڵ و بە گیان بینووسمەوە. چونکە بەسەرهاتی گەلەکەمانە. نەسرەوتنی گەلەکەمانە. گەلی ئێمە شۆڕەسوارە، پتەوە، چاونەترسە. کەچی بنواڕە بندەستە. ناتوانێ سەری هەڵبڕێ. مەراقمە گەلەکەمان چەشنی گەلانی دی ئازادی بچێژێ.

سپاستان دەکەم. من ڕۆمانەکەی ئێوە، «هەواری»ـم بۆ پیتی لاتینی گۆڕیوە. ئامادەی چاپمان کردووە. دەرفەتێکمان بۆ هەڵبکەوێ چاپی دەکەین. تا لە دەستمان بێت «هەواری» لە نێو کوردانی دنیادا بڵاو دەکەینەوە.

سپاس. زۆر سپاس.

ئێمە زۆر سپاستان دەکەین، هاوڕێیانمان زۆر سڵاو و ڕێزیان بۆ ئێوە ناردووە و گەورەییتان نواند.

سەرسەر و سەرچاوم هاتن. ئەوەی ناردوویەتی و ئەوەی هێناویەتی لەسەر تەپڵەسەرمی دادەنێم… زۆر لێیان ڕازیم، لە ئێوەیش ڕازیم.

دیسان زۆر سپاس.