دژی هەوڵەكانی توركیا بۆ دەستگیركردنی سیاسیەتمەدارێكی كورد، پەرلەمانتارێكی ئەوروپا داوا لە وەزارەتی ناوخۆی چیك دەكات نەكەوێتە داوی دەوڵەتی توركەوە.


ماوەیەكە دەوڵەتی تورك، هەوڵەكانی چڕكردوەتەوە بۆ ئەوەی لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە كۆماری چیك، دكتۆر یەكتا ئوزونوگلو، سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیری كورد دەستگیربكات.

لەو بارەیەوە یارۆمیر شتێكنە، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و سەرۆكی پێشووی كۆمیتەی بەرگری پەرلەمانی  یەكێتی ئەوروپا، نامەیەكی ئاراستەی وەزیری ناوخۆی چیك كردووە و ئاماژەی بۆئەوەكردووە، دەوڵەتی تورك لەهەوڵدایە بە بیانووی ئەوەی دكتۆر یەكتا ئوزونوگلو، لەفەیسبوكی خۆی وێنەی خۆی و ئەندام پەرلەمانێكی یەكێتی ئەوروپای بڵاوكردووەتەوە  كە لەساڵی ٢٠١٥دا سەردانی كۆبانیان كردووە، هەروەها بە چەند بیانویەكی دیكەی بێ بنەما دەیەوێت ئەو سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیرە لەڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپولەوە لە سیناریۆیەكی هاوشێوەی ئەوەی ساڵی ڕابردوو دژ بە بەڕێز ساڵح موسلیم كرا دەستگیربكات.

لەنامەكەدا ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئەوروپا، ئەوەی ڕوونكردوەتەوە، كە دكتۆر یەكتا ئوزونوگلو، لەچیك و دەرەوەی وڵاتی چیكیش خزمەتێكی زۆری بەبواری مافەكانی مرۆڤ كردووە و لەو پێناوەشدا چەند جارێك ڕووبەڕووی گرتن و زەحمەتی بووەتەوە و دادگای چیك-یش بەرزترین ڕێزلێنانی مێژووی چیكی پێبەخشیووە.

باسی لەوەشكردووە، توركیا دژ بە یاسای نێودەوڵەتی جوڵاوەتەوە و پۆلیسی ئینتەرپۆلی خراپ بەكارهێناوە و بۆ مەرامە تایبەتییەكانی خۆی بەكاری هێناوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە شوێن ئەو رۆژنامەنووس و نوسەرانە بكەوێت كەڕەخنە لە سیاسەتی توركیا دەگرن، تەنانەت ئەگەر لەوڵاتانی تریش بژین، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا حكومەتی توركیا چەندین ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی و ئەڵمانی و تەنانەت قەشە ئەمریكیەكەشی دەستگیركردووە، كە دواجار دۆناڵد ترامپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕاستەوخۆ بەشداری لەو دۆسیەیەدا كرد بۆ ئەوەی هاوڵاتیەكەی لە زیندانەكانی توركیا بهێنێتە دەرەوە.

لە كۆتایی نامەكەیدا ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەوروپا، داواشی لەوەزیری ناوخۆی چیك كردووە، “ڕێگەمەدەن دەوڵەتی چیك پێدراوە نێودەوڵەتییەكان بشكێنیت لە كەیسی بەڕێز ئوزونوگلو دا، چونكە ئەگەر كارێكی وا بكرێت ئەوە نەك ئەتكردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانی لێدەكەوێتەوە، بەڵكو دەبێتە هۆی لەدەستدانی ناوبانگی چیك لەكۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا”.

ک.س